خێزان و کۆمەڵایەتی

په‌يوه‌ندی نێوان كوڕان و كچان له‌ نێوان ڕێ‌پێدراو و قه‌ده‌غه‌كراودا

په‌يوه‌ندی نێوان كوڕان و كچان له‌ نێوان ڕێ‌پێدراو و قه‌ده‌غه‌كراودا !

سروشتی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان كوڕ و كچ پێش ژیانی هاوسه‌رێتی

بێگومان شه‌ریعه‌تی پیرۆزی ئیسلام سنوری دیاری كردووه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی نێوان كوڕ و كچ و له‌ سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستیشمان هاتووه‌و پێویسته‌ ئێمه‌ش وه‌كو موسڵمان شوێنكه‌وتووی بین و بیگه‌یه‌نین به‌ نه‌وه‌كانمان له‌پاش خۆمان، بۆ چاك سازی بارودۆخی خۆمان و ئوممه‌ته‌كه‌مان، بێگومان گه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچمان واز لێ هێنا به‌بێ هیچ پابه‌ندبوونێك به‌ سنوره‌كانی خوای گه‌وره‌وه‌ ئه‌وا بێگومان ئوممه‌تی ئیسلامی به‌ره‌و داڕوخانێكی ترسناك ده‌بات، وه‌ ئایینی ئیسلامیش په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچانی به‌یه‌كجار قه‌ده‌غه‌ نه‌كردووه‌ به‌ڵكو له‌سنوری خۆیدا ڕێكی ده‌خات بێ ئه‌وه‌ی توند بێت له‌سه‌ری یان په‌ته‌كه‌ی بۆ شل بكاته‌وه‌، به‌ڵكو به‌ شێوه‌یه‌كی مامناوه‌ندی له‌نێوان هه‌ردووكی.

ئایه‌ چی ڕوو ده‌دات گه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچمان واز لێ هێنا به‌ سه‌ركه‌شی و به‌بێ چاودێڕێكردنی سنووره‌كانی خوا؟ بێگومان ده‌مان گه‌یه‌نێته‌ ئه‌وپه‌ڕی خراپه‌كاری و داڕمانی كۆمه‌ڵگه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆیه‌كی سه‌ره‌تایی بۆ به‌دڕه‌وشتی و سنوور به‌زاندنی ئایین و ڕه‌وشته‌ به‌هاكان.. ئێمه‌ش زۆر له‌ كچان و كوڕان ده‌بینین له‌م حاڵه‌ته‌ن له‌م ڕۆژگاره‌دا و هیچ ڕێنماییه‌كیان نیه‌ ده‌ستی پێوه‌ بگرن، ئایه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونی هیچ قدوه‌و پێشه‌نگێكی چاك بۆیان؟ ئه‌مه‌ چۆن ڕوو ده‌دات له‌كاتێكدا ئێمه‌ی موسڵمان هه‌میشه‌ پێشه‌نگ و قدوه‌مان له‌ كه‌سایه‌تی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ده‌بینینه‌وه‌، به‌ڵكو هۆیه‌كه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دوور كه‌وتنه‌وه‌ له‌ ڕێبازی خوای گه‌وره‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌و قدوه‌و پێشه‌نگه‌ چاكه‌ و له‌هه‌مان كاتدا خۆبه‌ستنه‌وه‌و چاولێكردن له‌ كه‌سانی خراپ و خاوه‌ن ژیانی سه‌رنه‌كه‌وتوو.

ئه‌ی ده‌رباره‌ی خۆشه‌ویستی چیه‌؟

بێگومان خۆشه‌ویستی به‌رزترین و جوانترین شته‌ له‌ ژیاندا و ئایینی ئیسلامیش ئایینی لێبورده‌یی و خۆشه‌ویستیه‌ له‌ناو تاكه‌كانی، ئه‌وه‌یشی ئێمه‌ مه‌به‌ستمانه‌ خۆشه‌ویستی‌یه‌كی پاك و دوور له‌ هه‌ر خڵته‌ و بێ ئه‌وه‌ی له‌پاش خۆی تاوان و خراپه‌كاری‌یه‌ك به‌جێ بهێڵێ، وه‌كو خۆشه‌ویستی موسڵمانێك بۆ براكه‌ی یان خوشكه‌كه‌ی، یان خۆشه‌ویستی ئافره‌تێك بۆ مێرده‌كه‌ی و به‌پێچه‌وانه‌وه‌، یان خۆشه‌ویستی دایك بۆ منداڵه‌كانی و منداڵه‌كانی بۆ دایك وباوك … هتد، وه‌ گه‌وره‌ترین خۆشه‌ویستیش خۆشویستنی خوای گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌ خواپه‌رستی ڕه‌نگ ده‌داته‌وه‌، وه‌ هیچ كه‌ست خۆش نه‌وێت به‌ئه‌ندازه‌ی خوای گه‌وره‌، له‌ خۆشویستنیدا كه‌سی بۆ بڕیار نه‌ده‌یت وه‌كو هاوه‌ڵ ئه‌گینا گه‌ر له‌ خوا زیاتر كه‌سێكت خۆش بوێت ئه‌وا هاوه‌ڵت بۆ خوا بڕیار داوه‌ هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَمِنَ النَّاسِ مَن يَتَّخِذُ مِن دُونِ اللّهِ أَندَاداً يُحِبُّونَهُمْ كَحُبِّ اللّهِ وَالَّذِينَ آمَنُواْ أَشَدُّ حُبًّا لِّلّهِ) (البقرة/ 165).

به‌ڵام خۆشه‌ویستی به‌نده‌ی موسڵمان بۆ به‌نده‌ی موسڵمان بێگومان هیچ تاوانێك نیه‌و حه‌رامیش نیه‌، بۆیه‌ گه‌ر موسڵمان كه‌سێكی خۆش ویست، چ كوڕێك كچێكی وه‌كو خوشك خۆش ویست یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێویسته‌ له‌به‌ر خوای گه‌وره‌ خۆشی بوێت و له‌به‌ر خو و ڕه‌وشتی بێت. به‌ڵام چۆن له‌پێناوی خوای گه‌وره‌ خۆشی ده‌وێت؟ به‌ڵێ، ده‌توانێ له‌پێناوی خوای گه‌وره‌ خۆشی بوێت به‌و شێوه‌ی كه‌وا ڕه‌زامه‌ندی خوای مه‌به‌ست بێت له‌م خۆشویستنه‌دا و سنوری خوا بپارێزێت تیایدا، چونكه‌ هه‌موومان ده‌زانین خوای گه‌وره‌ به‌رنامه‌ و ڕێبازێكی بۆ دیاری كردووین له‌ ژیاندا په‌یڕه‌وی بكه‌ین هه‌ر وه‌ك ده‌فه‌رموێت: (وَأَنَّ هَـذَا صِرَاطِي مُسْتَقِيمًا فَاتَّبِعُوهُ وَلاَ تَتَّبِعُواْ السُّبُلَ فَتَفَرَّقَ بِكُمْ عَن سَبِيلِهِ ذَلِكُمْ وَصَّاكُم بِهِ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ) (الانعام: 153)، واته‌ ڕێگای خوا ته‌نها ڕێبازێكه‌ كه‌ كردویه‌تی به‌ به‌رنامه‌ و مه‌نهه‌جی ژیانی مرۆڤه‌كان و هیچ لار و خێچێكی تیادا نیه‌ و پێویسته‌ له‌سه‌ر كچان و كوڕان شوێنی ئه‌م ڕێبازه‌ ڕاسته‌ بكه‌ون، بۆیه‌ گه‌ر شوێنی كه‌وتن و له‌سه‌ری ڕۆشتن ئه‌وا ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌ وه‌ده‌ست دێنن له‌بۆ دونیا و دواڕۆژ، خۆ ئه‌گه‌ر لێی لا بده‌ن و بچه‌رخێن و ڕێچكه‌ و ڕێبازی تریان گرته‌به‌ر بۆ ژیانیان ئه‌وا جیابوونه‌ته‌وه‌ له‌ ڕێبازه‌ تاكه‌كه‌ی خوا و چه‌رخاون لێی، وه‌ ده‌مێننه‌وه‌ به‌گومڕایی دوور له‌ ڕێنمایی خوای گه‌وره‌. وه‌ سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچ دا پێویسته‌ تێنه‌په‌ڕێ له‌ مامه‌ڵه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی چاك نواندن به‌رامبه‌ر یه‌كتر كه‌وا خوای گه‌وره‌ داوای ده‌كات لێمان، وه‌ بۆ نمونه‌ش ده‌بینین پێغه‌مبه‌ر موسا (علیه السلام) كاتێك ڕێگه‌ی ده‌كه‌وێت به‌ بیره‌ ئاوێك له‌وێ چاوی ده‌كه‌وێت به‌ دوو ئافره‌ت كه‌ توانایان نیه‌ ئاو به‌ ڕانه‌ مه‌ڕه‌كه‌یان بده‌ن ئه‌میش یارمه‌تییان ده‌دات و ئاوه‌كه‌یان بۆ ده‌هێنێته‌ ده‌ر تاكو ڕانه‌كه‌یان تێر ئاو بده‌ن، به‌ڵام گه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچ سنوری خوای به‌زاند له‌ مامه‌ڵه‌و هه‌ڵس‌وكه‌وتكردن له‌نێوانیان، ئه‌وا ده‌ست درێژی‌یه‌كه‌ به‌سه‌ر داواكارییه‌كانی ئایینی ئیسلام و ده‌رچوونێكه‌ له‌ فه‌رمانه‌كانی خوای گه‌وره‌.

خوای گه‌وره‌ش داوا ده‌كات له‌ پیاو و ئافره‌ت خۆیان بڕازێننه‌وه‌ به‌جوانترین خوو ڕه‌وشتی چاكه‌ تاكو پیاو و ئافره‌ته‌كه‌ ببنه‌ دوو ئه‌ندامی چالاك له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا، وه‌ ئایینی ئیسلامیش چاودێرێ ئه‌و جیاوازی‌یه‌ سروشتی‌یانه‌ی كردووه‌ له‌نێوان پیاو و ئافره‌ت دا، هه‌روه‌ها كار و پیشه‌ی نێر و مێ، بۆیه‌ ده‌بینین ئافره‌تان تایبه‌ت مه‌ند ده‌كات به‌ كۆمه‌ڵێ ئاداب و ڕه‌وشتی تایبه‌ت تاكو خۆیان و مه‌كانه‌تیان بپارێزێت و ده‌ست درێژی نه‌كرێته‌ سه‌ریان له‌لایه‌ن پیاوانی سوك و خراپه‌وه‌..

خۆشه‌ویستی پێش ژیانی هاوسه‌رێتی

خۆشه‌ویستی نێوان كوڕ و كچ پێش پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رێتی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نیه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌م ڕۆژانه‌دا به‌دی ده‌كرێت، وه‌ له‌م په‌یوه‌ندی‌یانه‌دا ده‌بینی كوڕان و كچان ده‌كه‌ونه‌ ناو كۆمه‌ڵێ كاری قه‌ده‌غه‌كراو كه‌وا ئایینی ئیسلام ڕێی لێ گرتووه‌و ڕێی پێ نه‌داوه‌، به‌داخه‌وه‌ ده‌بینی (چ له‌ كوردستان چ له‌ ڕۆژئاوا) گه‌نجان له‌ كوڕان و كچانی كورد به‌ نهێنی پێكه‌وه‌ په‌یمان له‌نێوان خۆیان ده‌به‌ستن به‌ناو (خۆشه‌ویستی) و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ پێكه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و ژووان داده‌نێن و تێكه‌ڵاوی دروست ده‌كه‌ن، وه‌ په‌یوه‌ندی و چاوپێكه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ یان له‌ڕێی نامه‌و ته‌له‌فۆنه‌وه‌ دروست ده‌كه‌ن و ده‌یڕازێننه‌وه‌ به‌ قسه‌ی شیرین و نه‌سته‌ق كه‌وا نه‌فس و ده‌روون لاواز ده‌كات له‌به‌رده‌م هه‌واو هه‌وه‌س و شه‌هه‌وات و داواكاری‌یه‌كانی، پاشان به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن كچه‌كه‌وه‌ زیاتر نه‌رم و نیانی ده‌نوێنێت له‌ قسه‌كردنی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش سه‌یركردن و ڕوانینیان بۆ یه‌كتر كه‌وا مه‌گه‌ر خوا بزانێت ئه‌م تاوانی سه‌یركردنه‌یان بۆ یه‌كتر چه‌نده‌و چه‌ند له‌سه‌ر خۆیان كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌، چونكه‌ مرۆڤ ته‌نانه‌ت به‌ سه‌یركردنی حه‌رامێك پێی تاوان بار ده‌بێت وبه‌ڵكو له‌وانه‌یه‌ به‌سه‌یركردنی تاوانێك به‌چاوی سووك و بێ بایه‌خه‌وه‌ تاوانبار بێت، هه‌روه‌ها له‌وانه‌یه‌ كچ و كوڕه‌كه‌ ئه‌م په‌یوه‌ندیه‌ (خۆشه‌ویستی)یه‌ دروست ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگه‌دا خۆشه‌ویست بن و به‌چاوێكی به‌زه‌یی و دۆستانه‌وه‌ سه‌یر بكرێن، به‌ڵام گه‌ر ئه‌مه‌ ڕاست بێت ئایه‌ خۆشه‌ویستییه‌كه‌یان له‌به‌رده‌م خوای گه‌وره‌ هیچ شه‌فاعه‌ت و یارمه‌تی‌یه‌كیان ده‌دات؟ گه‌ر خۆشه‌ویستی ببێته‌ هۆی ڕاكێشانی كچ و كوڕ بۆ تاوان و سه‌رپێچی خوای گه‌وره‌ ئه‌وا وه‌كو وایه‌ كه‌وا هاوه‌ڵت له‌ خۆشه‌ویستی خوا بڕیار دابێت واته‌ (ند)ێكت بڕیار داوه‌ وه‌كو پێشتر باسمان كرد، له‌كاتێكدا خوای گه‌وره‌ هیچ كات پێویستی به‌وه‌ نیه‌ كه‌سانی تری له‌گه‌ڵ شه‌ریك بكه‌یت له‌ خۆشویستنی دا.

پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان (صلى الله علیه وسلم) ده‌فه‌رموێت: (إياكم والدخول على النساء فوالذى نفسي بيده ما خلا رجل بامرأة إلا دخل الشيطان بينهم) (رواه الطبراني)، واته‌: ئه‌ممان هیچ كات مه‌چن به‌سه‌ر ئافره‌تان و تێكه‌ڵیان مه‌بن، سوێند به‌و خوایه‌ی ڕۆحی منی به‌ده‌سته‌ هیچ پیاوێك جیا نابێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك و به‌ته‌نها ببن دوو به‌دوو مه‌گه‌ر شه‌یتان سێ هه‌میان نه‌بێت. جا خوشك و براكانم خۆ ده‌زانن گه‌ر شه‌یتانیش بچێته‌ نێوان كوڕ و كچێك به‌ره‌و چ تاوانێك هه‌وڵ ده‌دات ڕایان بكێشێت و چ ئیغرائێك ده‌خاته‌ ئه‌و دانیشتن و چاوپێكه‌وتنه‌یان؟ ئایینی ئیسلامیش قه‌ده‌غه‌ی كردووه‌ كه‌وا ته‌نهایی دروست ببێت له‌نێوان پیاو و ئافره‌تێكی نامه‌حره‌م تاكو توشی فتنه‌ نه‌یه‌ن و ئافره‌ته‌كه‌ بپارێزێت له‌وه‌ی تاوانێك ڕوو بدات كه‌وا خوای گه‌وره‌ حه‌رامی كردووه‌ چ قسه‌ و سه‌یركردن بێت یان له‌وه‌ زیاتر بێت.. هه‌مووشمان ده‌زانین غه‌ریزه‌ی جنسی له‌هه‌وو غه‌ریزه‌یه‌ك به‌هێزتره‌ له‌ناو مرۆڤدا بێ شك، وه‌ مانه‌وه‌ی كوڕ و كچێك به‌ته‌نهایی و دوو به‌دوو نه‌فس و ده‌روون ده‌بزوێنێ و هه‌ردوو لا ڕاپێچ ده‌كات به‌ره‌و تاوان، بۆیه‌ پێویسته‌ هیچ كات پیاو و ئافره‌تێك به‌ ته‌نها و دوو به‌ دوو نه‌مێننه‌وه‌ مه‌گه‌ر به‌ئاماده‌بوونی یه‌كێك له‌ مه‌حره‌مه‌كانی كچه‌كه‌ نه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو لا چاو بپارێزن و هه‌ر ئه‌وه‌ش پارێزه‌ر و پاكتره‌ بۆدڵ و ده‌روونی هه‌ردوولا.

خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێت: (قُل لِّلْمُؤْمِنِينَ يَغُضُّوا مِنْ أَبْصَارِهِمْ وَيَحْفَظُوا فُرُوجَهُمْ ذَلِكَ أَزْكَى لَهُمْ إِنَّ اللَّهَ خَبِيرٌ بِمَا يَصْنَعُونَ) (النور 30) واته‌: (ئه‌ی محمد بڵێ به‌ پیاوانی باوه‌ڕدار با چاوی خۆیان بگرنه‌وه‌ له‌ سه‌یركردنی حه‌رام و هه‌روه‌ها داوێنیان بپارێزن، ئه‌مه‌ پاك و پاككه‌ره‌وه‌یه‌ بۆیان و خوای گه‌وره‌ش ئاگاداره‌ چی ده‌كه‌ن)، بۆیه‌ لێره‌وه‌ ده‌بینین په‌یوه‌ندی نێوان كوڕ و كچ پێش پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رێتی قه‌ده‌غه‌یه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش په‌یمانیان دا به‌یه‌كتر كه‌وا له‌داهاتوودا به‌یه‌ك ڕازی بن و ژیان پێكه‌وه‌ بنێن، وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین كه‌وا خۆشه‌ویستی نیه‌ به‌بێ پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رێتی.. له‌كاتێكدا خۆشه‌ویستی خۆی مه‌به‌ستێكی به‌رز و جوانه‌ و هه‌ستێكی پاك وپێگه‌رده‌، به‌ڵام به‌مه‌رجێك گه‌ر له‌شوێنی ته‌واوی خۆی به‌كارهێنرا وه‌كو: خۆشویستنی خوای گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ر و خێزان و خزم و كه‌سوكار و هاوسه‌ر و منداڵ و … هتد. به‌ڵام كێ له‌ ئێمه‌ گه‌ر كه‌سێكی خۆش بوێت بیری لێ ناكاته‌وه‌و خه‌یاڵی بۆی ناڕوات بۆ یادكردنی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی و خو و سیفاته‌كانی ناهێنێته‌ یاد تاكو وه‌كو ده‌ڵێن ئاگری شه‌وق و یادكردنی دانه‌مركێنێته‌وه‌؟ پرسیاره‌كه‌شم له‌ ئێوه‌ی خۆشك و برایانم ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ ڕوو ده‌دات به‌بێ پێكه‌وه‌نانی ژیانی هاوسه‌رێتی؟؟

چ كات خۆشه‌ویستی ده‌توانین ڕابگه‌یه‌نین؟

بێگومان خۆشه‌ویستی ڕێی پێ دراوه‌و حه‌ڵاڵه‌ گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ڕاست ئه‌نجام درا (مه‌به‌ستم ئه‌و خۆشه‌ویستی‌یه‌ نیه‌ ئه‌مڕۆ له‌نێوان كوڕ و كچ بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێت) به‌ڵكو وه‌كو پێشتر ئاماژه‌مان پێ كرد، وه‌ هه‌ر ئه‌و خۆشه‌ویستی‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌بێت و حه‌رام ده‌بێت گه‌ر غافڵ بوین و دووركه‌وتینه‌وه‌ له‌ ڕێبازی خوا و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی، ته‌نانه‌ت خوای گه‌وره‌ ڕێی نه‌داوه‌ به‌ ئافره‌تانی موسڵمان كه‌وا په‌یوه‌ندی‌یان هه‌بێت پێش ژیانی هاوسه‌رێتی له‌گه‌ڵ پیاوان له‌ شێوه‌ی دواندن به‌ ناز و لارو له‌نجه‌وه‌ قسه‌ بكات و سه‌رنجی پیاوان ڕابكێشێت، هه‌روه‌ك خوای گه‌وره‌ فه‌رمانیكرد به‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر: يَا نِسَاء النَّبِيِّ لَسْتُنَّ كَأَحَدٍ مِّنَ النِّسَاء إِنِ اتَّقَيْتُنَّ فَلَا تَخْضَعْنَ بِالْقَوْلِ فَيَطْمَعَ الَّذِي فِي قَلْبِهِ مَرَضٌ وَقُلْنَ قَوْلًا مَّعْرُوفًا) (الأحزاب 32)، ئه‌مه‌ش ئاداب و ڕه‌وشتێكه‌ كه‌وا خوای گه‌وره‌ فه‌رمانی كرد به‌ خێزانه‌كانی پێغه‌مبه‌ر چونكه‌ ئه‌وان قدوه‌و پێشه‌نگێكن بۆ هه‌موو ئافره‌تانی ئوممه‌تی ئیسلام، وه‌ خوا ده‌فه‌رموێت: (فلا تخضعن بالقول) واته‌: به‌شێوه‌یه‌كی نه‌رم و به‌ناز و له‌نجه‌و لاره‌وه‌ قسه‌ مه‌كه‌ن له‌گه‌ڵً پیاواندا (مه‌به‌ست لێره‌دا پیاوی نامه‌حره‌م)، هه‌روه‌ها خوا ده‌فه‌رموێت: (وقلن قولاً معروفاً) واته‌: كاتێك ئه‌دوێن قسه‌ی چاك و باش و جوان بكه‌ن وه‌ نه‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پیاوێكی نامه‌حره‌م به‌شێوه‌یه‌ك بدوێن به‌ناز و نه‌رمی و له‌نجه‌و لاره‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن ئافره‌تێك له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی خۆی ده‌دوێت، بۆیه‌ ئه‌ی خوشكی خۆم ئاگاداربه‌ و خۆت دوور بخه‌ره‌وه‌ له‌وه‌ی قسه‌ی نه‌رم و به‌ناز ده‌ربخه‌یت و خۆشه‌ویستیت ده‌رببڕیت بۆ كوڕێت یان پیاوێك ته‌نها بۆ مێرده‌كه‌ت نه‌بێت، واته‌ ده‌ربڕینی هه‌ستی خۆشه‌ویستی و قسه‌ی نه‌رم و … به‌شێكه‌ له‌و جۆره‌ قسانه‌ی خوای گه‌وره‌ به‌حه‌رامی داناوه‌و له‌ ئایه‌ته‌كه‌دا هاتووه‌ به‌ ده‌قێكی ڕوون و ئاشكرا.

بۆیه‌ خوشكه‌كه‌م ئه‌مان هه‌زار ئه‌مان.. ووریابه‌ له‌وه‌ی خۆت تووشی ئه‌م تاوانه‌ بكه‌یت له‌كاتێكدا پێی نازانیت و هه‌ستی پێ ناكه‌یت، به‌ڵكو خۆت بڕازێنه‌وه‌ به‌ ڕه‌وشت و خوڵقی ئافره‌تی موسڵمانی باوه‌ڕدار، وه‌ خۆت و ئایینه‌كه‌ت بپارێزه‌، وه‌ له‌كاتی قسه‌كردن و دواندنیشا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌نگین و ڕاست و پێكاو بدوێ نه‌وه‌ك ئه‌و كه‌سانه‌ی گوێیان له‌ قسه‌كانته‌ و خاوه‌ن دڵ وده‌روون و نه‌فسێكی لاواز بن و تووشی فتنه‌ بن و هه‌ستێكیان به‌رامبه‌رت بۆ دروست بێت.. وه‌ بێگومان گه‌ر كاتێك قسه‌و ووته‌ی خۆشه‌ویستی و هه‌ستی خۆت ده‌رده‌بڕی بۆ كوڕێك له‌هاوته‌مه‌نی خۆتدا و به‌ته‌نها بن یان نا، ئه‌وا هه‌رچی هه‌ست و مه‌شاعر و غه‌ریزه‌ و داخوازی‌یه‌ خه‌وتووه‌كانی ئه‌و كوڕه‌ هه‌یه‌ جوڵاندووته‌ته‌وه‌. وه‌ هه‌موو ئه‌م كاره‌ش له‌جێی خۆی نیه‌ و نابێت بكرێت، هه‌روه‌ها گه‌ر كوڕه‌كه‌ هه‌مان كاری به‌رامبه‌رت ئه‌نجام دا و نزیك بوویه‌وه‌ لێت به‌ قسه‌ی پڕ له‌ ووشه‌ی ناسك و خۆشه‌ویستی كه‌وا هه‌ست و مه‌شاعر ده‌جوڵێنێت، بێگومان به‌م كاره‌ش تۆ توشی تاوانێك ده‌كات و له‌داهاتوی ژیانتدا تووشی چه‌نده‌ها كێشه‌ت ده‌كات، وه‌ هه‌ركه‌سیش گومانی وایه‌ كه‌وا ده‌توانێت هه‌واو هه‌وه‌س و داخوازیه‌كانی خۆی بگرێت ئه‌وا باشتر وایه‌ ده‌ربڕینی ئه‌و هه‌ست و خۆشه‌ویستی و مه‌شاعه‌رانه‌ی هه‌ڵبگرێت بۆ پاش ژیانی هاوسه‌رێتی و بۆ هاوسه‌ری خۆی ده‌رببڕێت و ئه‌ویش بۆ ئه‌می ده‌رببڕێت نه‌وه‌ك هه‌ردوولا له‌پێش ژیانی هاوسه‌رێتی چه‌نده‌ها تاوان و خراپه‌كاری ئه‌نجام بدات و هیچ كات بڕوا و متمانه‌ به‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی نه‌كات و هێلانه‌ی خێزانی‌یان به‌بچوكترین ڕه‌شه‌بای ڕۆژگار هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

وه‌ هه‌ر گه‌نجێكیش نه‌توانێت ژن بهێنێت باشتر وایه‌ ڕۆژووبگرێت تاكو خوای گه‌وره‌ ده‌روویه‌كی لێ ده‌كاته‌وه‌و ئافره‌تێكی چاكی پێ ده‌به‌خشێت، ئه‌ویش شوێنكه‌وتنی فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمانه‌ (صلى الله علیه وسلم) كه‌ ده‌فه‌رموێت: (يا معشر الشباب من أستطاع منكم الباءة فليتزوج ومن لم يستطع فعليه بالصوم فإنه له وجاء) (رواه البخاري). واته‌: ئه‌ی كۆمه‌ڵی گه‌نجان گه‌ر هه‌ر كه‌سێكتان توانای هه‌یه‌ با ژن بهێنێت، وه‌ كێش توانای نیه‌ با ڕۆژوو بگرێت چونكه‌ ڕۆژوو قه‌ڵغان و پارێزه‌ره‌ بۆی له‌ تاوان. چونكه‌ ڕۆژوو ده‌روون و نه‌فس ده‌پارێزێت، وه‌ گه‌ر سه‌بر و ئارامیش بگریت ئه‌وا پاداشتت لای خوای گه‌وره‌یه‌، وه‌ تۆش به‌م ڕۆژووگرتنه‌ نه‌فس و ده‌روونت هێناوه‌ته‌ ژێر ركێفی خۆت و ملكه‌چی خوای گه‌وره‌ت كردووه‌ و ئه‌وه‌یش به‌شێكه‌ له‌ جیهاد و تێكۆشانی نه‌فس و پاداشتێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ وه‌كو خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَالَّذِينَ جَاهَدُوا فِينَا لَنَهْدِيَنَّهُمْ سُبُلَنَا) (العنكبوت 69) واته‌: ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌پێناوی ئێمه‌ هه‌وڵ كۆشش و جیهاد ده‌كه‌ن ئه‌وا ڕێی ڕاستیان نیشان ده‌ده‌ین و ڕێنمووییان ده‌كه‌ین.

له‌ كۆتاییدا سه‌باره‌ت به‌ هاوڕێ‌یه‌تی نێوان كچ و كوڕ:

خوای گه‌وره‌ له‌ وه‌سفی ئه‌و ئافره‌ته‌ باوه‌ڕدارانه‌ ده‌فه‌رموێت: (وَلاَ مُتَّخِذَاتِ أَخْدَانٍ) (النساء 25) وه‌ مانای (لا متخذان اخدان) واته‌ هاوڕێ و دۆستی‌یان بۆخۆیان دیاری نه‌كردووه‌ (به‌شاراوه‌ بێت یان ئاشكرا)، له‌م ئایه‌ته‌شه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌وا كچ بۆی نیه‌ براده‌ر و دۆستێكی كوڕی هه‌بێت، كاتێكیش خوای گه‌وره‌ ڕێی پێ نه‌داوه‌ حیكمه‌تێكی تیادایه‌، چونكه‌ كچ خاوه‌ن سۆز و هه‌ستێكی به‌رزه‌ و گه‌ر كه‌وته‌ ناو په‌یوه‌ندی‌یه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌نجێك و ئه‌م گه‌نجه‌ خه‌ڵه‌تاندی و په‌یمانی پێ دا كه‌وا ببێته‌ هاوسه‌رێكی باشی و كچه‌كه‌ش پێی ڕازی بوو وه‌ پاش ئه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ خه‌ڵه‌تاندی و پاشگه‌ز بوویه‌وه‌ له‌ په‌یمانه‌كانی و (له‌وانه‌یشه‌ تۆڵه‌ و زیانێك بگه‌یه‌نێت به‌ كچه‌كه‌) لێره‌دا كاریگه‌ری‌یه‌كی زۆر خراپی نێگه‌تیڤ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر كچه‌كه‌ و برینێكی قووڵ به‌جێ دێڵێت له‌ ده‌روونیدا كه‌وا زه‌حمه‌ته‌ ساڕێژ ببێته‌وه‌و تووشی كێشه‌ و ڕوخاندنی ده‌كات، وه‌ خوای گه‌وره‌ له‌ خۆمان زیاتر به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی ئێمه‌ی ده‌وێت وه‌ك له‌خۆمان، بۆیه‌ پێویسته‌ پابه‌ند بین به‌ فه‌رمانه‌كانی و خۆمان دوور بخه‌ینه‌وه‌ له‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كانی و ئامانجمان ڕه‌زامه‌ندی خوا بێت پێش هه‌موو شتێك.

وه‌ خوای گه‌وره‌ش ده‌یه‌وێت ئێمه‌ دوور بخاته‌وه‌ له‌ هه‌واو هه‌وه‌سی نه‌فسمان و بمان پارێزێت له‌ شه‌هه‌وات و تاوان وهه‌ر فتنه‌یه‌ك به‌ داخستنی هه‌موو ڕێگاكانی، جا هاوڕێ‌یه‌تی ودۆستایه‌تی نێوان كچ و كوڕ زه‌وی‌یه‌كی ئاماده‌كراوه‌ بۆ شه‌یتان و ده‌رگایه‌كی كراوه‌یه‌ بۆی، تاكو بێته‌ ناو ناخمان و هه‌رچی پابه‌ندبوونمان هه‌یه‌ به‌ ئیسلامه‌وه‌ له‌ڕه‌گه‌ ورده‌ ورده‌ ده‌ری بهێنێت و دوورمان بخاته‌وه‌ له‌ ڕێگای ڕاست هه‌ر وه‌ك چۆن بووه‌ هۆی ده‌رچوونی دایه‌ حه‌وا و باوه‌ ئاده‌م له‌ به‌هه‌شت، وه‌ هه‌ر وه‌ك چۆن خۆی سه‌ره‌نجامی ناو دۆزه‌خه‌ هه‌تا هه‌تایی بۆیه‌ ده‌یه‌وێت ئێمه‌ش بباته‌ ناو گومڕایی و تاریكی وپاشان تاوان و دوورخستنه‌وه‌مان له‌ ڕێگای ئیسلام و تاكو ئێمه‌ش وه‌كو خۆی ببینه‌ سوته‌مه‌نی ناو دۆزه‌خ و زۆرترین ڕێژه‌ له‌ وه‌چه‌ی ئاده‌م ببات له‌گه‌ڵ خۆی به‌ره‌و ئاگر.

وه‌ جارێكی تر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر ئه‌سڵی باسه‌كه‌مان، گه‌ر سه‌یری هاوڕێیه‌تی و براده‌رایه‌تی كچ و كوڕ بكه‌ین ئه‌وا هه‌موو تاوان و سه‌رپێچی‌یه‌ك ده‌بینین، هه‌ر له‌ خه‌ڵوه‌ت و به‌ته‌نها مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتر وتاوانی سه‌یركردن و نه‌زه‌ر، وه‌ ده‌ربڕینی قسه‌ی نه‌رم و هه‌ست و خۆشه‌ویستی بۆ یه‌كێك كه‌وا خوا ڕێی پێ نه‌داوه‌ و به‌ ده‌قی ئایه‌ت حه‌رامی كردووه‌، هه‌روه‌ها تاوانی زیاتر كه‌وا مه‌گه‌ر خوا بیزانێت، وه‌ ئێمه‌ش وه‌كو میلله‌تی كورد میلله‌تێكین خاوه‌ن ئایین و ڕه‌وشت و كلتوری كورده‌واری خۆمانین چ له‌ كوردستان بین یان له‌ ئۆروپا وئه‌مریكا، وه‌ هیچ كات كلتوری كورده‌واریشمان ڕێگه‌ی نه‌داوه‌ به‌م جۆره‌ په‌یوه‌ندی و خۆشه‌ویستی و هاوڕێیه‌تی‌یه‌ی نێوان كوڕ و كچ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مڕۆ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌نێوان گه‌نجان له‌م ڕۆژه‌دا چ له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆ و فه‌رمانگه‌كان و هه‌روه‌ها شوێنانی تر..

له‌ كۆتاییدا داواكارین له‌ خوای گه‌وره‌ ڕێی ڕاستی به‌هه‌موومان نیشان بدات و پێویسته‌ له‌سه‌رمان له‌ خوا بترسین و سنووره‌كانی خوا بپارێزین، خوای گه‌وره‌ش ده‌فه‌رموێ: (وَمَن يَتَّقِ اللَّهَ يَجْعَل لَّهُ مَخْرَجًا (2) وَيَرْزُقْهُ مِنْ حَيْثُ لَا يَحْتَسِبُ) (سوره‌ الطلاق آیه: 2-3). واته‌: گه‌ر كه‌سێك له‌خوا بترسێت (وله‌ترسی خوا كارێك ئه‌نجام نه‌دات) ئه‌وا خوای گه‌وره‌ ده‌رگایه‌كی بۆ ده‌كاته‌وه‌و ڕزگاری ده‌كات و هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌ك ڕزق و ڕۆزی پێ ده‌به‌خشێت كه‌وا ئه‌و كه‌سه‌ خۆی پێی سه‌یر بێت.

ئاماده‌كردنی: ماڵپه‌ڕی خوشكان

تاگەکان
بینینی زیاتر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close